
ChatGPT Ads لە کەمتر لە ٢٠٠ ڕۆژدا گەیشتە ئاستی ١ ملیار دۆلار؛ ئایا ChatGPT خەریکە دەبێتە ڕکابەرێکی نوێی Google و Meta لە بازاڕی ڕیکلام؟
ChatGPT بە خێرایی خەریکە شوێنی خۆی لە بازاڕی ڕیکلامی دیجیتاڵدا دەکاتەوە. تەنها لە کەمتر لە ٢٠٠ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ڕیکلام، ChatGPT Ads گەیشتووەتە ١ ملیار دۆلار داهاتی ساڵانەی پێشبینیکراو. OpenAI دەڵێت ئێستا دەیان هەزار ڕیکلامکەر پلاتفۆرمەکە بەکاردەهێنن و ڕیکلامەکانی ChatGPT لە زیاتر لە ٤٠ وڵات بەردەستن.
بەڵام ئەو ١ ملیار دۆلارە پێویستە بە دروستی تێبگەین. واتای ئەوە نییە OpenAI لە ماوەی ٢٠٠ ڕۆژدا یەک ملیار دۆلاری لە ڕیکلام کۆکردووەتەوە. بەڵکو annualized revenue run rate ـە؛ واتە ئەگەر ئاستی داهاتی مانگانەی ئێستا بە هەمان شێوە بۆ ١٢ مانگ بەردەوام بێت، داهاتەکە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەبێت. Digiday ئاستی ئێستای داهاتی مانگانە بە نزیکەی ٨٣ ملیۆن دۆلار هەژمار دەکات.
ئەوەی هەواڵەکە گرنگتر دەکات، تەنها ژمارەی داهات نییە؛ بەڵکو شوێنی ڕیکلام لە ChatGPT ـە.
لە Google، زۆرجار بەکارهێنەر وشە یان ڕستەیەک دەگەڕێت. بەڵام لە ChatGPT دەتوانێت بە وردی بڵێت چی دەوێت، بودجەکەی چەندە، چی بۆی گرنگە و لەنێوان چ هەڵبژاردنێکدا دوودڵە. بۆ نموونە، کەسێک دەتوانێت داوای یارمەتی بۆ هەڵبژاردنی مۆبایلێک، نەرمەکاڵایەک یان پلانکردنی گەشتێک بکات. ئەمە واتە ChatGPT دەتوانێت لەو کاتەدا بەکارهێنەر بناسێتەوە کە خەریکی گەڕان، بەراوردکردن و بڕیاردانە. OpenAI ئەم قۆناغانە بە بەشێکی گرنگ لە دەرفەتی ChatGPT Ads دەزانێت.
لە هەمان کاتدا، OpenAI خەریکە سیستەمی ڕیکلامەکەی لە تاقیکردنەوەیەکی بچووک دەگۆڕێت بۆ پلاتفۆرمێکی تەواوتر. Ads Manager بۆ کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانیش کراوەتەوە و پلاتفۆرمەکە ئێستا CPC، ئۆپتیمایزکردن بۆ ئەنجام، geo-targeting، custom audiences، Pixel و Conversions API پشتیوانی دەکات. واتە زۆرێک لەو ئامرازانەی مارکێتەر لە پلاتفۆرمە گەورەکانی ڕیکلام چاوەڕێیان دەکات، هێواش هێواش لە ChatGPT ـیش دروست دەبن.
فراوانبوونەوەکەش تەنها لە ئەمریکا نییە. OpenAI دەڵێت کڕینی ڕاستەوخۆی ڕیکلام لە ڕێگەی Ads Manager بۆ ئەورووپا، هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا فراوان کراوەتەوە. لە ئەورووپاش بە تەنها ٣١ بازاڕ زیاد کراون.
بەڵام ئایا ئەمە واتە ChatGPT بەڕاستی دەبێتە ڕکابەری Google و Meta؟
هێشتا زووە بۆ ئەو حوکمە. Google و Meta هەر یەکەیان کاروباری ڕیکلامی زۆر گەورەیان هەیە و ChatGPT Ads هێشتا لە قۆناغی Beta و گەشەکردندایە. OpenAI خۆیش دەڵێت هێشتا benchmark ـی گشتی و جێگیری بۆ ئەنجامی ڕیکلامەکان لە کەرت و جۆرە جیاوازەکانی کەمپین نییە.
بەڵام ChatGPT خاڵێکی جیاوازی هەیە: مەبەستی بەکارهێنەر. ئەگەر پلاتفۆرمەکە بتوانێت لە کاتی دروستی بڕیارداندا ڕیکلامێکی پەیوەندیدار پیشان بدات، دەتوانێت بەشێک لە بودجەی ڕیکلامکەران بەرەو خۆی ڕابکێشێت. ئەمەش دەکرێت ChatGPT لە تەنها ڕکابەرێکی Google لە گەڕان و AI، بگۆڕێت بۆ ڕکابەرێکی نوێ لە بازاڕی ڕیکلامی دیجیتاڵ. Reutersیش ئاماژە بەوە دەکات کە چوونە ناو ئەم بازاڕە واتای کێبڕکێ لەگەڵ دەسەڵاتی Google و Meta هەیە.
بۆ مارکێتەرەکان، پرسیاری گرنگ لە ئێستاوە تەنها ئەوە نییە کە «چۆن لە Google و Meta ڕیکلام بکەین؟» بەڵکو پرسیارێکی نوێ زیاد بووە:
«چۆن براندەکەمان لەو ساتەدا ئامادە بێت کە کڕیار لەگەڵ AI گفتوگۆ دەکات و خەریکە بڕیاری کڕین دەدات؟»
ئەمە ئەو بەشەی هەواڵەکەیە کە لە خودی ١ ملیار دۆلار گرنگترە. چونکە ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ChatGPT تەنها شێوازی گەڕان بەدوای زانیاریدا ناگۆڕێت؛ دەتوانێت شێوازی گەیشتنی براندەکان بە کڕیار و دابەشکردنی بودجەی ڕیکلامی دیجیتاڵیش بگۆڕێت.













