
کاتێک زیرەکیی دەستکرد دەزانێت تۆ تا چەند ئامادەیت پارە بدەیت؛ مەترسییەکانی Surveillance Pricing
«وێنای بکە؛ تۆ و کەسێکی تر لە هەمان کات و هەمان فرۆشگادا یەک بەرهەم دەکڕن، بەڵام هەریەکەتان نرخێکی جیاواز دەبینن! نەک بەهۆی داشکاندنەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی AI دەزانێت کێ ئامادەیە پارەی زیاتر بدات.»
ئەمە یەکێکە لەو نیگەرانییە گەورانەی کە لەگەڵ گەشەی خێرای (AI Pricing) و دیاردەی نرخدانانی چاودێریکراو (Surveillance Pricing) لە بازاڕدا زیاتر باسی لێوە دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (Associated Press)، بەکارهێنانی AI، گۆڕینی بەردەوامی نرخەکان و بەکارهێنانی تەختەی نرخی دیجیتاڵی لە فرۆشگاکاندا، پرسیاری گەورەی لەسەر شەفافیەت و دادپەروەریی نرخ لای کڕیاران دروست کردووە.
کێشەکە تەنها خێرایی گۆڕانی نرخەکان نییە. نیگەرانییە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئەگەر داتای تایبەتیی کڕیار بەکاربهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە هەر تاکێک تا چەند توانای هەیە و ئامادەیە پارە بدات، چی ڕوودەدات؟
لێرەدا جیاوازیی ناسکی نێوان «بەتایبەتکردن - Personalization» و «نرخدانانی چاودێریکراو - Surveillance Pricing» دەردەکەوێت. لە یەکەمیاندا، داتا بەکاردێت بۆ ئەوەی پێشنیارێکی گونجاوتر و باشترت پێ بدرێت، بەڵام لە دووەمیاندا، داتاکانت دەبنە ئامرازێک بۆ خەمڵاندنی توانای گیرفانت و سەپاندنی بەرزترین نرخی گونجاو بەسەرتدا.
وانەکە بۆ مارکێتەرەکان چییە؟ ستراتیژیی Personalization تەنها تا ئەو خاڵە بەها دروست دەکات کە متمانەی کڕیار لەناو نەبات. کڕیار حەز بە پێشنیاری تایبەت دەکات، بەڵام ئەگەر هەست بکات براندەکە داتاکانی بۆ ئەوە بەکاردەهێنێت تا بزانێت «چەند پارەی زیاتری لێ دەست دەكەوێت»، ئەو داتایەی کە دەبوو ئەزموونی کڕیار باشتر بکات، دەبێتە هۆی لەناوچوونی یەکجارەکیی متمانە.
لە سەردەمی AIدا، پرسیارە ستراتیژییەکە تەنها ئەوە نییە: «بە داتای کڕیار چی دەتوانین بکەین؟»، بەڵکو پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە: «بە داتای کڕیار چی نابێت بکەین؟». لە کۆتاییدا، ڕەنگە AI بتوانێت باشترین نرخ بۆ زیادکردنی قازانج بدۆزێتەوە؛ بەڵام ئەگەر ئەو نرخە ببێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی کڕیار، ئەوا براندەکە باجێکی زۆر قورستری داوە.













