
کارمەندەکان خەریکن دەبنە Creator ـی نوێی براندەکان؛ ٤٠٪ی کڕیاران مانگانە بەهۆی ناوەڕۆکی کارمەندانەوە بەرهەم و خزمەتگوزاریی نوێ دەدۆزنەوە
ڕۆڵی کارمەند لە کۆمپانیاکان خەریکە دەگۆڕێت. کارمەند چیتر تەنها کەسێک نییە لە پشت پەردە بۆ براند کار بکات؛ لە هەندێک کۆمپانیادا، خۆی دەبێتە Creator و دەنگی براند لە سۆشیال میدیا.
ڕاپۆرتێکی نوێی Sprout Social نیشان دەدات ٤٠٪ی بەکارهێنەران لانیکەم جارێک لە مانگدا بەهۆی ناوەڕۆکی دروستکراو لەلایەن کارمەندانی کۆمپانیاکانەوە بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکی نوێ دەدۆزنەوە. لەنێو Gen Z ـدا ئەم ڕێژەیە بەرزترە و دەگاتە ٦١٪.
ئەم ڕەوتە بە Employee-Generated Content یان EGC ناسراوە؛ واتە ناوەڕۆکێک کە کارمەندانی خودی کۆمپانیا دەربارەی بەرهەم، خزمەتگوزاری، ژینگەی کار یان ئەزموونی خۆیان دروستی دەکەن.
بۆ نموونە، لەبری ئەوەی چێشتخانەیەک تەنها ڕیکلامێکی پیشەیی بڵاو بکاتەوە، ئاشپەزێکی ئەو چێشتخانەیە دەتوانێت ڤیدیۆیەک لە چۆنیەتی ئامادەکردنی خواردنەکە دروست بکات. یان کارمەندێکی فرۆشگای جل دەتوانێت بە شێوازی خۆی پیشانی بدات چۆن بەرهەمە نوێیەکان بەکاردەهێنرێن.
هۆکاری بەهێزبوونی ئەم جۆرە ناوەڕۆکەش سادەیە: خەڵک زیاتر دەیانەوێت مرۆڤی ڕاستەقینە ببینن. Sprout Social دەڵێت بەکارهێنەران کارمەندانی ڕاستەوخۆ بە ڕاستگۆیانەتر لە ئەکاونتە زۆر ڕازاوە و پیشەییەکانی براند دەبینن. لە هەمان کاتدا، توێژینەوەکانی ٢٠٢٦ی کۆمپانیاکە نیشان دەدەن خەڵک زیاتر داوای ناوەڕۆکی دروستکراو لەلایەن مرۆڤەوە دەکەن.
ئەم گۆڕانکارییە هەندێک براندی گەورەشی هێناوەتە ناو یارییەکە. Gap Inc. بەرنامەی Creator ـی خۆی بۆ کارمەندانی Gap، Old Navy، Athleta و Banana Republic کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ناوەڕۆک دروست بکەن و لە ڕێگەی affiliate link ـەوە کۆمسیۆن وەربگرن. Starbucks ـیش بەرنامەی Green Apron Creators ـی بۆ پشتگیریکردن لە کارمەند-Creator ـەکانی خۆی دروست کردووە.
ئەنجامەکانیش سەرنجڕاکێشن. Gap دەڵێت بەرنامەی Creator ـەکەی لە ساڵی یەکەمی خۆیدا نزیکەی ٣٠ هەزار ناوەڕۆکی جیاوازی بەرهەمهێناوە کە کۆی گەیشتنەکەیان ١٥٤ ملیۆن بووە.
بەڵام بابەتەکە تەنها «کارمەندەکان ڤیدیۆ دروست بکەن» نییە. ئەگەر کۆمپانیا بە شێوەیەکی فەرمی کارمەندەکانی بۆ پڕۆمۆتکردنی براند بەکاربهێنێت، پرسیاری پارەدان و مافی کارمەند دێتە پێشەوە. لە ڕاپۆرتی Sprout Social ـدا، ٦١٪ی بەکارهێنەران پێیان وایە کۆمپانیاکان دەبێت پارەی زیادە بەو کارمەندانە بدەن کە ناوەڕۆکی پڕۆمۆشن بۆ براند دروست دەکەن.
Digiday لە ڕاپۆرتی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ـدا Employee Creators ـی وەک یەکێک لە ڕەوتە گرنگەکانی Creator Economy بەرەو کۆتایی ٢٠٢٦ و ساڵی ٢٠٢٧ دەخاتەڕوو. بە پێچەوانەی چەند ساڵێک لەمەوبەر، کە هەندێک کۆمپانیا کارمەندیان بەهۆی دروستکردنی ناوەڕۆک لە شوێنی کار تووشی کێشە دەکرد، ئێستا هەندێک براند خۆیان بەرنامە بۆ هەمان کارمەندان دروست دەکەن. مرۆڤایەتی گاهی چەند ساڵێکی پێویستە بۆ ئەوەی شتێک لە «قەدەغە» بگۆڕێت بۆ «ستراتیژی مارکێتینگ».
بۆ مارکێتەرەکان، پەیامی گەورەکە ڕوونە: لەوانەیە باشترین Creator بۆ براندەکەت هەمیشە ئەو کەسە نەبێت کە ملیۆنێک فۆڵۆوەری هەیە؛ لەوانەیە ئەو کارمەندە بێت کە هەموو ڕۆژێک لەگەڵ بەرهەمەکەت کار دەکات و دەتوانێت بە زمانێکی ڕاستەقینە چیرۆکەکەی بۆ خەڵک بگێڕێتەوە.













