
Apple Maps دەچێتە ناو بازاڕی ڕیکلامی دیجیتاڵ؛ دەرگایەکی نوێ بۆ Local Marketing دەکرێتەوە و پێشبڕکێ لەگەڵ Google Maps توندتر دەبێت
Apple بە فەرمی خزمەتگوزاری Ads on Apple Mapsی دەستپێکردووە و بەم هەنگاوە Apple Maps لە نەخشە و ئامرازی دۆزینەوەی شوێن، بەرەو پلاتفۆرمێکی نوێی ڕیکلامی دیجیتاڵ دەچێت. لە قۆناغی ئێستادا، ئەم خزمەتگوزارییە بۆ بزنسەکانی ئەمریکا و کەنەدا بەردەستە.
سیستەمە نوێکە ڕێگە بە بزنسە ناوخۆییەکان دەدات لەو کاتەدا بگەنە بەردەم کڕیار کە بە شێوەیەکی چالاک بەدوای شوێن، بەرهەم یان خزمەتگوزارییەکدا دەگەڕێت. ڕیکلامەکان دەتوانن لە سەرەوەی ئەنجامە پەیوەندیدارەکانی گەڕان یان لە بەشی Suggested Places دەرکەون. Apple دەڵێت شوێنی دەرکەوتنی ڕیکلام بە شێوەی خۆکار بەپێی جۆری بزنس و ئەوەی بەکارهێنەر بەدوایدا دەگەڕێت دیاری دەکرێت.
ئەم هەنگاوە بۆ Local Marketing گرنگە، چونکە Apple دەڵێت مانگانە زیاتر لە یەک ملیار گەڕانی پەیوەندیدار بە بزنس لە Apple Maps ئەنجام دەدرێت و نزیکەی یەک لە هەر دوو گەڕان بۆ بزنسێک دەبێتە هۆی کردارێک لەلایەن بەکارهێنەرەوە. واتە ڕیکلامکار دەتوانێت لە کاتێکی نزیک بە بڕیاری کڕین یان سەردانکردن بگاتە کڕیار.
بۆ نموونە، ئەگەر بەکارهێنەرێک لە Apple Maps بەدوای ڕێستورانت، کافێ، هوتێل یان خزمەتگوزارییەکی ناوخۆییدا بگەڕێت، بزنسێکی ڕیکلامکەر دەتوانێت لە شوێنێکی دیارتر لە ئەنجامەکان دەرکەوێت. Apple هەروەها ڕێگە بە بزنسەکان دەدات وێنە و پەیامی پرۆمۆشن زیاد بکەن و بودجەی کەمپینەکانیان دیاری بکەن.
لە ڕووی تایبەتمەندیی داتا، جیاوازییەکی گرنگ هەیە: Apple دەڵێت Personalized Ads لە Apple Maps پشتگیری ناکرێت و ڕیکلامەکانی Maps contextual ـن. واتە نابێت ئەم خزمەتگوزارییە بە سادەیی وەک سیستەمێکی behavioral targeting وێنا بکرێت. ئەمە بەشێکە لە هەوڵی Apple بۆ هاوسەنگکردنی ڕیکلام لەگەڵ سیاسەتی پاراستنی تایبەتمەندی.
لە ڕوانگەی مارکێتینگ، Apple Maps ئێستا کەناڵێکی نوێ بۆ Paid Local Search دروست دەکات. ئەمە بە تایبەتی بۆ ڕێستورانت، فرۆشگا، هوتێل و بزنسە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان گرنگە، چونکە دەتوانن لەو ساتەدا ڕیکلام پیشانی کڕیار بدەن کە نیازی بە شوێنێک یان خزمەتگوزارییەک هەیە.
بەڵام باسکردنی ئەمە وەک «شەڕێکی یەکسان لەگەڵ Google Maps» هێشتا زووە. فاکت ئەوەیە Apple کەناڵێکی نوێی Local Ads کردووەتەوە؛ لێکدانەوەکە ئەوەیە کە ئەگەر خزمەتگوزارییەکە بۆ وڵاتانی زیاتر فراوان بکرێتەوە و ڕیکلامکاران بە شێوەی فراوان وەریبگرن، دەتوانێت فشار لەسەر پێگەی Google لە Local Search و Local Advertising زیاد بکات.













