
گووگڵ (Google) ڕیکلام دەهێنێتە ناو Gemini؛ کێبڕکێی مارکێتینگ لە گەڕانەوە (Search) دەگوازرێتەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ AI
«دوای ساڵانێک کێبڕکێ بۆ گرتنی یەکەم شوێنی ئەنجامەکانی گووگڵ، ئێستا کێبڕکێیەکی نوێ دەست پێدەکات: چۆن براندەکەت دەخەیتە ناو گفتوگۆی جێمینای (Gemini)؟»
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی Adweek، کۆمپانیای گووگڵ لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ژمارەیەک لە کڕیارە ڕیکلامییەکانی و پێی ڕاگەیاندوون کە پلانی هەیە لە ساڵی ٢٠٢٦دا ڕیکلام بهێنێتە ناو چاتبۆتی جێمینای (Gemini). دوو شارەزای کڕینی میدیا (Media Buyer) کە ئاگاداری گفتوگۆکان بوون، ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە. بەڵام تا ئێستا گووگڵ هیچ وردەکارییەکی دەربارەی شێوازی دەرکەوتنی ڕیکلامەکان، نرخ، یان قۆناغی تاقیکردنەوەکان ئاشکرا نەکردووە.
خاڵی هەرە سەرنجڕاکێشی ئەم پێشهاتە ئەوەیە کە ئەم پلانە تەواو جیاوازە لە مۆدێلی (Google AI Overviews) کە پێشتر بینیمان. لێرەدا ڕیکلامەکان ناخرێنە ناو ئەنجامی گەڕانێکی ئاساییەوە بە کۆمەکی AI، بەڵکو خودی پلاتفۆرمی چاتبۆتەکەی Gemini دەبێتە ژینگەیەکی نوێ بۆ پیشاندانی ڕیکلام.
ئەم هەنگاوە بنەمای ڕیکلامی دیجیتاڵی دەگۆڕێت. لە مۆدێلی نەریتیی گەڕاندا (Search)، براندەکان لەسەر وشە سەرەکییەکان (Keywords) و دەرکەوتن لە ڕیزبەندیی یەکەم کێبڕکێیان دەکرد. بەڵام لە ناو چاتبۆتێکی زیرەکیی دەستکرددا، ئەزموونەکە تەواو جیاوازە. بەکارهێنەر چیتر بە وشەی پچڕپچڕ ناگەڕێت، بەڵکو پرسیارێکی ڕاستەوخۆ دەکات: "باشترین لابتۆپ بۆ کاری دیزاین چییە؟" و AI بە شێوەی گفتوگۆ وەڵامی دەداتەوە.
ئەگەر ڕیکلام بچێتە ناو ئەم ژینگەیەوە، پرسیارە گەورەکەی بەردەم مارکێتەران دەگۆڕێت. چیتر کێشەکە ئەوە نییە چۆن لە لیستی ئەنجامەکانی گەڕاندا دەربکەویت، بەڵکو ئاستەنگە نوێیەکە ئەوەیە: چۆن براندەکەت دەکەیتە بەشێک لە وەڵامەکان و گفتوگۆکەی زیرەکیی دەستکرد بە شێوەیەکی سروشتی و باوەڕپێکراو؟













