
پێشبینی دەکرێت بازاڕی ڕیکلامی فرۆشگا گەورەکان (Retail Media) لە ساڵی ٢٠٢٦دا بە ڕێژەی ٢٣٪ گەشە بکات، بەڵام سەرەڕای ئەم گەشبینییە، بۆشاییەکی گەورە لە نێوان ئامانجەکان و توانای جێبەجێکردنیاندا هەیە.
مۆدێلی Retail Media بریتییە لە فرۆشتنی ڕووبەری ڕیکلام لەلایەن فرۆشگا زەبەلاحەکانی وەک ئەمازۆن و واڵمارت لە ناو ماڵپەڕ و ئەپەکانیاندا بە براندە جیاوازەکان. بۆ نموونە، کاتێک کڕیار بەدوای جۆرێک قاوەدا دەگەڕێت، براندێک دەتوانێت پارە بدات بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی لە ڕیزی پێشەوە دەربکەوێت. بەمەش فرۆشگاکە جگە لە قازانجی فرۆشتنی بەرهەمەکە، داهاتێکی دیکەش لە فرۆشتنی شوێنی ڕیکلامەکە بەدەست دەهێنێت.
بەپێی داتاکانی سارا مارزانو، شیکەرەوەی eMarketer لە کۆنفرانسی Groceryshop 2026، بەڕێوەبەرانی ئەم تۆڕانە چاوەڕوانی گەشەیەکی ٢٣٪ دەکەن. بەڵام کەمتر لە یەک لەسەر پێنجیان پێشبینی تێپەڕاندنی پلانەکانیان دەکەن، و نزیکەی سێیەکیان پێیان وایە ناگەنە ئامانجە دیاریکراوەکانیان. دوودڵی فرۆشگاکان زیاتر پەیوەندی بە پێوانەکردنی کاریگەریی ڕاستەقینەی ڕیکلامەکانەوە هەیە. تەنها ٣١٪ی بەڕێوەبەران دڵنیان کە داهاتەکانیان پارەی نوێیە و تەنها بودجەی گواستراوەی براندەکان نییە لە کەناڵەکانی دیکەوە. ئەمەش دوو چەمکی ستراتیژیی مارکێتینگ دەهێنێتە پێشەوە: گەڕانەوەی وەبەرهێنان (ROI) کە بڕی ئەو داهاتە دەپێوێت کە لە بەرامبەر خەرجیی ڕیکلامەکەدا بەدەست هاتووە، لەگەڵ زیادبوونی ڕاستەقینە (Incrementality) کە وەڵامی ئەو پرسیارە وردە دەداتەوە کە ئایا بەبێ ئەم ڕیکلامەش کڕیارەکە هەر کڕینەکەی ئەنجام دەدا.
لە ئێستادا براندەکان تەنها بە بینینی ژمارەی کلیکەکان قایل نابن، بەڵکو دەیانەوێت بزانن ڕیکلامەکە بەدیاریکراوی چەند کڕینی زیادەی دروست کردووە. بۆ بەدەستهێنانی گەشەی نزیکخایەنیش، فرۆشگاکان هێشتا زیاتر پشت بە فۆرماتە باوەکانی وەک گەڕانی سپۆنسەرکراو و زیرەکیی دەستکرد دەبەستن. چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە تەنها بە تەکنەلۆژیا ناکرێت؛ بەڵکو پێویستی بە یەکگرتنی تەواوەتیی تیمەکانی مارکێتینگ، فرۆشتن، داتا و بەڕێوەبردنی فرۆشگایە. کاتێک ڕیکلامێک سەرنجی کڕیار ڕادەکێشێت، دەبێت بەرهەمەکە بە کردەیی لە فرۆشگاکەدا بەردەست بێت بۆ ئەوەی کڕینەکە سەر بگرێت.
وەک چۆن نوێنەری کۆمپانیای P&G لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی پێدا، نابێت هاوبەشیی نێوان براند و فرۆشگا تەنها لە کەمپینی کورتخایەندا کورت بکرێتەوە. پێویستە ستراتیژییەکە درێژخایەن بێت و ئامانج لێی ناساندنی براند و دروستکردنی ئارەزووی کڕین بێت. لەم قۆناغە نوێیەدا، Retail Media لە سەرچاوەیەکی زیادەی داهاتەوە دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی مارکێتینگی براندەکان. پرسیاری یەکلاکەرەوەی داهاتوو ئەوە نابێت کە چەندە پارە خەرج کراوە، بەڵکو ئەوە دەبێت کە ئەم پارەیە توانای دروستکردنی چەند کڕینی تەواو نوێی هەیە.













