
گەشەسەندنی خێرای زیرەکیی دەستکرد لەبری دروستکردنی ڕکابەریی نوێ، هەژموون و باڵادەستیی کۆمپانیاکانی گۆگڵ، مێتا و ئەمازۆن لە بازاڕی ڕیکلامی دیجیتاڵیدا چەند هێندە زیاتر دەکات
لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا گەشەسەندنی زیرەکیی دەستکرد دەرفەت بۆ ڕکابەرە بچووک و نوێیەکان بڕەخسێنێت، بەڵام داتا نوێیەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن؛ زیرەکیی دەستکرد خەریکە هەژموونی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک گۆگڵ، مێتا و ئەمازۆن لە بازاڕی ڕیکلامدا بەهێزتر دەکات. بەپێی شیکارییەکی ماڵپەڕی دیجی دەی کە پشتی بە ئامارەکانی مادیسۆن ئەند وۆڵ بەستووە، لە ساڵی ٢٠٢٥دا ئەم سێ کۆمپانیایە پێکەوە ٥٦٪ی کۆی داهاتی بازاڕی ڕیکلامی ئەمریکایان کۆنترۆڵ کردووە بەدەر لە ڕیکلامە سیاسییەکان، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا تەنها ٥٣٪ بووە.
لەو ماوەیەدا پشکی گۆگڵ لە بازاڕەکە لە ٢٨٪ بۆ ٢٩٪، مێتا لە ١٧٪ بۆ ١٩٪ و ئەمازۆن لە ٨٪ بۆ ٩٪ بەرزبووەتەوە. لە بەرامبەردا، پشکی سەرجەم کۆمپانیا و پلاتفۆرمەکانی دیکە پێکەوە لە ٤٧٪ەوە بۆ ٤٣٪ دابەزیوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ڕۆڵی زیرەکیی دەستکرد لەم گۆڕانکارییەدا چییە؟
هەر سێ پلاتفۆرمەکە بە خێرایی بەرەو بەکارهێنانی سیستەمی خۆکار یان ئۆتۆماتیکی هەنگاو دەنێن لە بەڕێوەبردنی ڕیکلامەکاندا. بۆ نموونە، گۆگڵ لە ڕێگەی پێرفۆرمانس ماکس و ئەی ئای ماکس، هەروەها مێتا لە ڕێگەی ئەدڤانتەیج پڵەسەوە، بەشێکی زۆری ئەرکەکانی وەک دیاریکردنی ئامانج، شوێنی بینرانی ڕیکلام، دانانی نرخ و دابەشکردنی بودجە، دەسپێرن بە ئەلگۆریتمەکان و زیرەکیی دەستکرد.
پێشبینییەکانی مادیسۆن ئەند وۆڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ٢٠٢٦دا، نزیکەی ١٢٪ی خەرجییەکانی ڕیکلام لە ئەمریکا لە ڕێگەی کەمپینە خۆکارەکان یان زیرەکیی دەستکردەوە بەڕێوە دەچن، کە ئەمەش بەراورد بە ڕێژەی ٢٪ی ساڵی ٢٠٢٣ گەشەیەکی گەورەیە و چاوەڕوان دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە ٢٧٪ی کۆی بازاڕەکە.
ئەم مەیلی بەرەو ئۆتۆماتیکبوونە، خزمەتێکی گەورە بە پلاتفۆرمە زەبەلاحەکان دەکات. تا خەرجیی زیاتر لە ڕێگەی سیستەمە خۆکارەکانەوە بکرێت، پلاتفۆرمەکان داتای زیاتر کۆدەکەنەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەلگۆریتمەکانیان. کاتێکیش سیستەمەکان ئەنجامی باشتر دەدەن بەدەستەوە، ڕیکلامکاران ناچار دەبن بودجەی زیاتر تەرخان بکەن. بەمەش بازنەیەک دروست دەبێت کە هێزی ئەم کۆمپانیایانە قۆرختر دەکات، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت پشکیان لە ساڵی ٢٠٢٦دا بگاتە ٥٨٪ و لە ساڵانی دواتریشدا بەردەوام بەرز ببێتەوە.
بۆ شارەزایانی بواری بازاڕگەری یان مارکێتەرەکان، ئەمە تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنەلۆژیی سادە نییە. کاتێک زیرەکیی دەستکرد خۆی بڕیار دەدات کە بودجەکە لە کوێ خەرج بکرێت، کام بەکارهێنەر بکرێتە ئامانج و کام ڕیکلام پیشان بدرێت، بەشێکی زۆری دەسەڵات و کۆنترۆڵی کەمپینەکان لە دەستی ڕیکلامکارەوە دەگوازرێتەوە بۆ پلاتفۆرمەکان.
ئەمەش پرسیارێکی جدی لەسەر شەفافیەت دروست دەکات: ڕیکلامکار چۆن دڵنیا بێتەوە کە ئەلگۆریتمەکە بودجەکەی بە باشترین شێوە خەرج دەکات و لە بەرژەوەندیی ئەودایە، نەک تەنها بە جۆرێک کە ئامارەکان لە خزمەتی بەرژەوەندیی و دەرکەوتەی خودی پلاتفۆرمەکەدا باشتر پیشان بدات؟
لە دەرەنجامدا، زیرەکیی دەستکرد لە بازاڕی ڕیکلامدا تەنها ئامرازێکی نوێ نییە، بەڵکو نەخشەی دابەشبوونی هێز و سەرمایە لە بنەڕەتەوە دەگۆڕێت. ئەگەر ڕەوتەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لەبری ئەوەی قۆرخکاریی پلاتفۆرمە گەورەکان تێکبشکێنێت، ئەوا گۆگڵ، مێتا و ئەمازۆن لە جاران باڵادەستتر و بەهێزتر دەکات.













