
بودجەی ڕیکلام بەرەو AI Search دەڕوات؛ ٨٩٪ی ئاژانسەکان زیادبوونی خەرجییەکانیان پشتڕاست دەکەنەوە
شێوازی گەڕانی خەڵک لە ئینتەرنێتدا خەریکە دەگۆڕێت، بودجەی ڕیکلامیش ڕێک بەدوای ئەو گۆڕانکارییەدا دەڕوات. ڕاپۆرتێکی تازەی پلاتفۆرمی Digiday بۆ ساڵی ٢٠٢٦ نیشانی دەدات کە ٨٩٪ی ئاژانسەکانی میدیا پشتڕاستیان کردووەتەوە کڕیارەکانیان خەرجییەکانیان لە بواری گەڕانی ژیریی دەستکرد (AI Search) زیاد کردووە. بەمەش ئەم بوارە شانبەشانی (Streaming Video) و (Connected TV) بووەتە یەکەمین شوێن بۆ وەبەرهێنانی ڕیکلام. لە بەرامبەردا، ٦٠٪ی ئاژانسەکان کەمبوونەوەی بودجەیان لە میدیا تەقلیدییەکان (Broadcast Media) و ڕیکلامی دەرەوە (Out-of-Home) بینیوە.
بەڵام بۆچی AI Search لەناکاو ئەم هەموو سەرنجەی ڕاکێشاوە؟ وەڵامەکە لە گۆڕانی شێوازی پرسیارکردنی کڕیاردایە. پێشتر ئەگەر کەسێک بیویستایە لابتۆپێک بکڕێت، لە Google وشەی پچڕپچڕی دەنووسی: "باشترین لابتۆپ بۆ کار"، پاشان دەبوو خۆی چەندین لینک بکاتەوە و بەراوردیان بکات. بەڵام ئێستا لە AI Searchـدا دەتوانێت بڵێت: "لابتۆپێکم دەوێت بۆ دیزاین، باترییەکەی بەهێز بێت و نرخەکەی لە ١٥٠٠ دۆلار زیاتر نەبێت؛ سێ هەڵبژاردەی باشم پێشنیار بکە." لێرەدا، AI ڕاستەوخۆ وەڵام دەداتەوە و هەڵبژاردەکان بەراورد دەکات.
لێرەوە گۆڕانکارییە گەورەکە بۆ مارکێتینگ دەست پێدەکات. لە ڕابردوودا، کێبڕکێی براندەکان لەسەر دەرکەوتن بوو لە ڕیزبەندیی یەکەمی Google، بۆیە باشترکردنی بزوێنەری گەڕان (SEO) و ڕیکلامی گەڕان (Search Ads) زۆر گرنگ بوون. بەڵام ئێستا پرسیارەکە گۆڕاوە بۆ ئەوەی: کاتێک کڕیار پرسیار لە AI دەکات، ئایا براندەکەت لە وەڵامەکەدا دەردەکەوێت؟ ئەمەش وایکردووە ستراتیژییەکانی (GEO) و (AEO) — واتە باشترکردنی ناوەڕۆک بۆ بزوێنەرە زیرەکەکان — ببنە جێی سەرنج. گەشتی کڕیاریش (Customer Journey) کورت بووەتەوە؛ لەبری "گەڕان ← کلیک ← ماڵپەڕ ← بەراورد ← کڕین"، پرۆسەکە بووەتە "پرسیار ← پێشنیاری AI ← بڕیاری کڕین".
ئەم دیاردەیە کە بە (Zero-click Search) ناسراوە، وایکردووە بەکارهێنەر پێویستی بە کردنەوەی ماڵپەڕەکان نەمێنێت بۆ وەرگرتنی وەڵام. هەربۆیە ڕاپۆرتێکی دیکەی Digiday ئاماژە بەوە دەکات کە ٣٧٪ی پسپۆڕانی براند و ئاژانسەکان کەمبوونەوەی ترافیکیان لە قۆناغی سەرەتای گەڕان (Upper-funnel) و ٢١٪یش کەمبوونەوەیان لە قۆناغی کۆتایی (Lower-funnel) بینیوە بەهۆی AIـیەوە.
پەیامی گەورەی ئەم پێشهاتە بۆ مارکێتەرەکان ڕوونە: کێبڕکێی داهاتوو تەنها لەسەر ئەوە نییە کێ لە Google پلەی یەکەمە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کام براند دەتوانێت ببێتە بەشێک لە وەڵام و پێشنیارەکانی زیرەکیی دەستکرد. بودجە بەرەو AI Search دەڕوات، چونکە سەرنجی کڕیاریش ڕووی لەوێیە.













