
جەنگی پلاتفۆرمەکان توندتر بوو؛ مێتا (Meta) دەرگای ڕیکلامکردن بەڕووی تیکتۆکدا (TikTok) دادەخات
«ئەگەر بینەرەکەت لەسەر پلاتفۆرمی کەسێکی دیکە بێت، ئەوا بە تەواوی هی تۆ نییە! بڕیارە نوێیەکەی مێتا بۆ قەدەغەکردنی ڕیکلامەکانی تیکتۆک دەریخست کە خاوەندارێتی داتا لە سەردەمی ئەمڕۆدا لە هەموو شتێک گرنگترە.»
مێتا (Meta) بڕیارێکی ستراتیژی و بێپێشینەی داوە: ڕێگە بە ڕیکلامەکانی کۆمپانیای (ByteDance) کە خاوەنی تیکتۆکە (TikTok) نادات لەسەر پلاتفۆرمەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام پەخش بکرێن. واتە تیکتۆک چیتر ناتوانێت پارە بدات بە مێتا بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. تەنانەت قەدەغەکە هەندێک ڕیکلامی لایەنی سێیەمیش دەگرێتەوە کە بەکارهێنەر ئاراستەی تیکتۆک دەکەن.
مێتا هۆکارەکەی نەشاردووەتەوە و دەڵێت: "ناچار نین خزمەتگوزاریی ڕیکلام بدەین بە ڕکابەرێک کە دەیەوێت بەکارهێنەرەکانمان ببات." ئەمە نیشانی دەدات کە جەنگی پلاتفۆرمەکان چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ساڵانێک ملمڵانێکە تەنها لەسەر کات و سەرنجی بەکارهێنەر (Attention) بوو، بەڵام ئێستا بووەتە شەڕی کۆنترۆڵکردنی دەستگەیشتن بە بینەر (Audience). مێتا تەنها شوێنی ڕیکلام نییە، بەڵکو خۆی خاوەنی بینەرێکی زەبەلاحە و خۆیشی دیاری دەکات کێ بۆی هەیە دەستی بەو بینەرە بگات.
پەیامی ئەم بڕیارە بۆ مارکێتەرەکان زۆر ڕوونە: ئەو (Audience)ـەی لەسەر پلاتفۆرمی کۆمپانیایەکی تر دروستی دەکەیت، بەکرێگیراوە و بە تەواوی هی تۆ نییە. ئەمڕۆ دەتوانیت بە ڕیکلام بگەیتە ملیۆنان کەس، بەڵام سبەی پلاتفۆرمەکە دەتوانێت یاساکان بگۆڕێت و دەستگەیشتنت لێ قەدەغە بکات. بۆیە گرنگیی داتای تایبەت بە براندەکە خۆی (First-party Data) وەک: ماڵپەڕ، لیستی ئیمەیڵ، ئەپڵیکەیشن و کۆمەڵگەی تایبەتی براند (Community)، لە جاران زۆر زیاتر بووە.
ملمڵانێی مێتا و تیکتۆک پرسیارێکی گەورەی بۆ داهاتووی مارکێتینگ جێهێشتووە: لە سەردەمێکدا کە چەند زەبەلاحێکی تەکنەلۆژی کۆنترۆڵی سەرنجی خەڵکیان کردووە، ئایا جەنگەکە تەنها بۆ ڕاکێشانی بینەرە، یان بۆ ئەوەیە ڕێگری لە ڕکابەرەکانت بکەیت تا نەتوانن بگەنە بینەرەکەت؟













