
گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە مارکێتینگدا؛ ٣٨٪ی بەڕێوەبەران بڕیارەکانی زیرەکیی دەستکرد بەبێ پێداچوونەوە پەسەند دەکەن
«زیرەکیی دەستکرد لە ئامرازێکی نووسینەوە و دروستکردنی وێنەوە، خەریکە دەبێتە بەڕێوەبەرێکی ستراتیژی! ئایا ئامادەیت چارەنووسی براندەکەت بخەیتە دەست ئەلگۆریتمێک بەبێ ئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بکەیت؟»
توێژینەوەیەکی نوێی (Bench Media) لە ئۆسترالیا کە لەسەر زیاتر لە ٧٠ بەڕێوەبەری باڵای مارکێتینگ ئەنجام دراوە، ئامارێکی شۆکهێنەری ئاشکرا کردووە. بەپێی ئەنجامەکان، ٤٨٪ی بەشداربووان دەڵێن بەکارهێنانی AI متمانەی پێ بەخشیون لە کاتی بڕیارداندا، وە لە کاتی بڕیارە مەترسیدار و قورسەکاندا ٤١٪یان AI بە سەرچاوەیەکی گرنگی بڕیاردان دەزانن.
بەڵام خاڵە هەرە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە: ٣٨٪ی ئەو بەڕێوەبەرانە ئامادەن ڕاسپاردە ستراتیژییەکانی AI بەبێ هیچ پشکنین و پێداچوونەوەیەکی مرۆڤ (Human Review) پەسەند بکەن! تەنانەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە دابەشکردنی بودجە و بیرۆکەی داهێنەرانەوە هەیە، ئەم ڕێژەیە بەرزدەبێتەوە بۆ ٤٥٪.
ئەم داتایە نیشانەی گۆڕانێکی زۆر گەورەیە. پرسیارەکە لە بازاڕی کاردا چیتر ئەوە نییە «ئایا پێویستە AI بەکاربهێنین؟»، بەڵکو پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: «تا چەند دەبێت مافی بڕیاردان بە AI بدرێت؟» ڕاستە زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر داتا شیبکاتەوە و ڕاسپاردە دروست بکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە هەمیشە ڕاست دەکات. بڕیاری ستراتیژی پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵە لە بازاڕ، کەلتوور، دەروونناسیی مرۆڤ و هەستیارییەکانی براند؛ ئەمانەش شتانێکن کە ناکرێت بە کوێرانە بدرێنە دەست ئەلگۆریتم.
لە داهاتووی مارکێتینگدا، لێهاتوویی و شارەزایی سەرەکیی مارکێتەر لەوەدا نابێت کە چۆن پرۆمپت بۆ AI دەنووسێت؛ بەڵکو لە توانای هەڵسەنگاندن، پرسیارکردن، و تەنانەت ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکانی AI دەبێت کاتێک لەگەڵ واقیعدا ناگونجێن.
(تێبینی: هەرچەندە ئەم ئامارە تەنها نوێنەرایەتی کۆمەڵێک بەڕێوەبەر دەکات لە ئۆسترالیا و نابێت وەک پێوەرێکی جیهانی سەیر بکرێت، بەڵام زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئەو ئاراستەیەی کە پیشەکە بەرەو ڕووی دەڕوات).













