
گۆگڵ چەند پێوەرێکی نوێ بۆ پێوانەکردنی ڕیکلام لە وێبگەڕی کڕۆمدا دەخاتە کار تاوەکو مارکێتەرەکان بزانن بەکارهێنەران چەند ڕیکلام دەبینن و کاریگەرییان لەسەر ماڵپەڕەکان چۆنە
گۆگڵ هەنگاوێکی نوێی ناوە بۆ پێوانەکردنی چۆنیەتیی دەرکەوتنی ڕیکلامەکان لەسەر ماڵپەڕەکان و چەند پێوەرێکی نوێی بۆ ڕاپۆرتی ئەزموونی بەکارهێنەری کڕۆم زیاد کردووە. ئەمەش یارمەتیی بڵاوکاران و شارەزایانی بازاڕگەری دەدات تێگەییشتنێکی وردتریان هەبێت لەسەر ئەوەی بەکارهێنەران لە کاتی سەردانیکردنی ماڵپەڕێکدا چەند ڕیکلام دەبینن و ئەو ڕیکلامانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر ئەزموونیان هەیە.
بۆ ئەم مەبەستە، گۆگڵ چوار پێوەری نوێی خستووەتە ڕوو کە بریتین لە ژمارەی ڕیکلام بۆ هەژمارکردنی ئەو ڕیکلامانەی لەسەر شاشەکە پیشان دەدرێن، چڕیی ڕیکلام بۆ دیاریکردنی ئەوەی چەندێک لە ڕووبەری بینراوی شاشەکە بە ڕیکلام داگیر کراوە، لەگەڵ دوو پێوەری دیکە بۆ پێوانەکردنی ئەو بارە قورسەی ڕیکلامەکان دەیخەنە سەر هێڵی ئینتەرنێت و یەکەی چارەسەرکردنی ناوەندیی ئامێرەکە. خاڵی جیاکەرەوەی ئەم نوێکارییە ئەوەیە کە داتاکان تەنها لە تاقیگەیەکی تەکنیکییەوە نەهاتوون، بەڵکو پشت بە داتای ڕاستەقینەی بەکارهێنەرانی کڕۆم دەبەستن، ئەمەش وا دەکات بڵاوکاران و مارکێتەرەکان بزانن بەکارهێنەر لە ژینگەیەکی ڕاستەقینەدا چۆن کارلێک لەگەڵ ڕیکلامەکاندا دەکات.
گرنگیی ئەم گۆڕانکارییە لەوەدایە کە لە جیهانی بازاڕگەریدا، زۆریی ڕیکلام هەمیشە بە واتای باشیی ئەنجامەکان نایەت. ڕەنگە ماڵپەڕێک پڕ بێت لە شوێنی ڕیکلام، بەڵام ئەگەر ئەو ڕیکلامانە بەشێکی زۆری شاشەکە داگیر بکەن یان ببنە هۆی خاوبوونەوەی ماڵپەڕەکە، بێگومان ئەزموونی بەکارهێنەر خراپتر دەکەن. لەلایەکی دیکەوە، ئەم پێوەرانە زانیاریی زیاتر دەدەنە ڕیکلامکاران بۆ هەڵسەنگاندنی شوێنی ڕیکلامەکانیان. واتە لەبری ئەوەی تەنها پشت بە پێوەرە باوەکانی وەک کرتە، بینین یان تێچووی هەزار بینین ببەستن، دەتوانن ژینگەی پیشاندانی ڕیکلامەکەش بخوێننەوە و بزانن ئایا ڕیکلامەکەیان لە ماڵپەڕێکی قەرەباڵغدا پیشان دەدرێت، یان لە شوێنێکدایە کە بەتەواوی سەرنجی بەکارهێنەری تێدا کۆبووەتەوە.
هەرچەندە گۆگڵ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پێوەرانە تا ئێستا لە قۆناغی تاقیکاریدان و هێشتا نابێت ڕاستەوخۆ وەک پێوەرێکی کۆتایی بۆ هەڵسەنگاندنی ڕیکلام سەیریان بکرێت، بەڵام ئاراستەکە زۆر ڕوونە. شێوازی هەڵسەنگاندنی ڕیکلام خەریکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و پرسیارەکە چیتر تەنها ئەوە نییە کە چەند کەس ڕیکلامەکەیان بینیوە، بەڵکو بەرەو پرسیارێکی قووڵتر دەچێت کە ئەویش ئەوەیە لە چ جۆرە ژینگە و ئەزموونێکدا ڕیکلامەکەیان بینیوە.













